وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا: قەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە زیاتر لە 103 ملیار دۆلارە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا راپۆرتێکی سەبارەت بە زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند قەبارەی زیانەکان گەیشتووەتە دوو ترلیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە 103.6 ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ هەینی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، زیانی بوومەلەزرەکەی مانگی رابردوو، بە دوو ترلیۆن لیرە مەزەندە دەکرێت و کە زیانێکی زۆر بەژێرخانی ئابووری ناوچەکانی بوومەلەرزەکە گەیشتووە.

هەروەها وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، زیانی ماددی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات گەیشتووەتە 1.6 ترلیۆن لیرە و 351.4 ملیار لیرەش زیان لە داهاتی نیشتمانی کەوتووە، جگە لە پاڵپشتی و خەرجییە فریاگوزارییەکان و هەڵمەتەکانی لابردنی پاشماوەکان و بیمە و خەرجییەکانی دیکە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستان، هه‌روه‌ها سووریا و رۆژئاوای كوردستانی  ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا.

بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 55 هەزار 700 کەس کە زیاتر لە 48 هەزاریان لە تورکیا و باکووری کوردستان و زیاتر لە حەوت هەزار و 200 کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوونە.