مەسرور بارزانی بۆ ئەلمۆنیتەر: کێشەکان بە راکردن لە بەرپرسیارییەتی چارەسەر نابن

جگە لە گفتوگۆ هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر رایگەیاند، پێویستە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن، نەک بە بایکۆت کردنی حکومەت لەلایەن وەزیرانی یەکێتییەوە.

ئەمڕۆ هەینی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، ماڵپەری ئەلمۆنیتەر، چاوپیکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە چەند دۆسیەیەک کراوە، لەوانە، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسیەی تیرۆر و گۆڕانی کەشوهەوا، چەند پرسێکی دیکەی گرنگ بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

یەکێتی یارمەتیدەر نەبووە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی بۆ تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا رەسووڵ (هاوکار جاف)، ئەفسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو دۆسیەیەدا هاوکارنەبوون.

هەروەها سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر ئەو دۆسیەیە دووربخرێتەوە، یەکێتی کێشەکانی دیکەی پەیوەند بە بابەتی دارایی و دابەشکردنی دەسەڵات زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە دەکەن، کە ئەو کێشانە هەمیشە بوونیان هەبووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی روونیکردووەتەوە، پێویستە یەکێتی سەرنجیان لەسەر چارەسەکردنی کێشە سیاسی و داراییەکان بێت لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بری ئەوەی هەموو کێشەکان تێکەڵ بە یەک بکرێن.

سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جافیش، رایگەیاندووە، با لەڕێگەی دادگا و سیستمی یاساییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بکرێت.

بە فەرمی داوام لە تیمی یەکێتی کردووە بگەڕێنەوە ناو حکومەت

سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، بە فەرمی داوام لە تیمی وەزاری یەکێتی کردووە لەکاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و هەر نیگەرانییەکیانیش هەیە دەکرێت لەڕێگەی گفتوگۆوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەری بکەن و جگە لە گفتوگۆش هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

مەسرور بارزانی بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، هیوادارم تیمی وەزاری یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆوە لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەربکەین.

دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

سەبارەت بە کاریگەری ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە، کە پێویستە هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ شتێک ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن.

بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی بودجە هەیە

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هاتنەکایەی کەشێکی ئەرێنی کردووە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لەدوای پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی و یەکلایی کردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت روونیکردووەتەوە، پێشکەوتنی گەورە لە گفتوگۆکان سەبارەت بە بودجە بەدیهاتووە، هەرچەندە ئەوەی لە بودجەدا جێگیرکراوە ئەوە نییە کە ئێمە دەمانویست بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بودجەیەکی خەراپ نییە و لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئەو بودجەیە پەسەند بکات و رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجە دەبێتە سەرەتای پەیوەندییەکی بنیاتنەر لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی، هەروەها لە نێوان بەغدا و پارێزگاکانی دیکەشدا، بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات.

عێراق پێویستی بە یاسایەکی نیشتمانی هەیە بۆ دۆسیەی نەوت و غاز

لەبارەی پرسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، زۆربەی کێشەکانی رابردوو بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە بووە و ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی لە گفتوگۆکانی بودجەدا دروستبووە، دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی نیشتمانی بۆ دۆسیەی نەوت و غاز، کە دەمێکە عێراق لە خاوەنی یاسایەکی لەو جۆرە نییە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رابردوودا هەندێک رەشنووس هەبوو بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند نەکراون، کە ئەمەش هیچ پابەندییەکی دروستنەکردووە، بۆیە کلیلی چارەسەکردنی ئەم کێشەیە دەرچوواندنی یاسایەکی نیشتمانییە، کە رەنگدانەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا لەخۆبگرێت.

کورد و ئەمەریکا بەهای هاوبەشیان هەیە

لە باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کورد و ئەمەریکا خاوەن بەها و پرەنسیپی هاوبەشن و رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەمەریکادا هاوپەیمانێکی سرووشتین و هیوای پشتیوانی زیاتر و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانمان دەخوازین.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا بەشدارییەکی راستەوخۆ و ئەرێنی هەیە بۆیە پێویستە زیاتر دڵنیابێت و پەرە بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بدات و گوتوویەتی، پێویستە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ ئەو رۆڵە ئەرێنییەی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەیگێڕێت.

هەر لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، مەسرور بارزانی رۆڵی ئەمەریکای لەماوەی 30 ساڵی رابردوو بەرزنرخاندووە کە بوونەتە هۆی ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستهاتوون و ئەمەشی بە نموونەیەکی سەرکەوتوو وەسفکردووە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، ئەمەریکا رۆڵی گەورەی بینی لە رزگارکردنی عێراق لە رژێمێکی دڕندانەی دیکتاتۆر، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی ساڵ و کەمبوونەوەی ئاستی بەشداریی، وایکرد کارەکتەری دیکە سوود لە ئامادەنەبوونی ئەمەریکا وەربگرن، کە ئەمەش یارمەتیدەر نەبووە بۆ زیاتری پێشکەوتنەکان.

سەرۆکی حکومەت زیاتر گوتی، "ئێمە دەمانەوێت ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان بە دۆست و هاوپەیمانێکی بەهێز و باوەڕپێکراو دابنێت کە خاوەنی بەها و پرەنسیپی هاوبەشن، کە باجی زۆریش دەدەین بۆ ئەو دۆستایەتییە، بۆیە پێویستیمان بە پاڵپشتی زیاتر هەیە لەڕووی سیاسی، ئابووری، ئەمنییەوە".

سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند، دەرفەتی زۆر هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە سوودی هاوبەشی بۆ هەردوولا دەبێت، بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوە مرۆییەکان.

چین چاوی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

مەسرور بارزانی، جەختی لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان کردەوە کە پێشوازی دەکات لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران بەنێوەندگیری چین، سەرۆکی حکومەت گوتی، "هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە پێشوازی لێدەکرێت و پشتگیری لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ هێنانەدی ئاشتی و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، چین چاوی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئامادەبوونی فراوانتر دەکات و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش، هەندێک پێشنیازیان کردووە و لە گفتوگۆدان بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە.

هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر عێراق و ناوچەکە ماوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە باشبوونی دۆخی ئەمنی بەهۆی هەڕەشەکانی تیرۆرەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و ئەمەشی بە هەنگاوێکی گرنگ و باش لە قەڵەمداوە و رایەگەیاندووە، ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشتر لە نێوان هێزە ئەمنییەکان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی  ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی دژ، لەپێناو پاراستنی زیاتری ئاسایش.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە تیرۆر رایگەیاندووە، دەبێت بۆ بنبڕکردنی تیرۆر، پێویستە کار لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی رەگ و ریشەی تیرۆر بکرێت، کە تاوەکو ئێستا وەک پێویست چارەسەرنەکراون.

سەبارەت بە هۆکارەکانیش، سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە، ئەو هۆکارە سەرەکییانەی دەبنە هۆی دروستبوونی تیرۆر، بریتین لە هەژاری، نادادپەروەری و نایەکسانی. گوتیشی، خەڵک پێویستی بە خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە هەیە.

هەر لەوبارەیەوە، مەسرور بارزانی بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە،  ئەگەر حکومەت پێداویستییەکانی خەڵکەکەی دابینبکات، گرنگییان پێبدات و گوێیان لێبگرێت، ئەوا خەڵکیش هیچ مەیلێکی بۆ هاوکاریکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێت بە ناساندنی ئایدۆلۆژیایەکی میانڕەو کە هیوای داهاتوویەکی گەش بە خەڵک ببەخشێت، رووبەڕووی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و تیرۆر ببیتەوە، ئەگەرنا ئەو هەڕەشەیە کۆتایی نایەت.

کابینەی چاکسازی، شەفافییەت و هەمەچەشنکردنی ئابووری

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، کابینەکەی دەستی بە بەرنامەیەکی چاکسازی فراوان و دروستکردنی شەفافییەت لە خەرجی و کاروبارەکانی حکومەتدا کردووە.

سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، "ئابووریمان هەمەچەشن دەکەین، گرنگی بە فراوانکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سێکتەرەکانی پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین. هەروەها چاکسازی لە هەردوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی ئەنجام دەدەین".

هەروەها سەبارەت بە بەدیجیتاڵی کردنی کاروبارەکانی حکومەت، مەسرور بارزانی دەڵێت، "خزمەتگوزارییەکان بە دیجیتاڵی دەکەین بۆ هاووڵاتییان و بۆ ئەم مەبەستە داتا سەنتەرێکی پێشکەوتوومان دروستکردووە، کە هەموو پڕۆژەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە ماوەیەکی کورتدا بەیەکەوە دەبەستنەوە".

سەرۆکی حکومەتی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دایانڕشتووە، دەیانەوێت تا ساڵی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە حکومەتێکی تەواو دیجیتاڵی.

لەبارەی هەمەچەشنکردنی ئابووری، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی فراوانترکردووە. لەوانە، دەستپێکردنی پرۆژەی هەنار، کە بریتییە لە هەناردەکردنی هەناری ئۆرگانیکی خۆماڵی بۆ دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی بۆ بازارەکانی کەنداو، وەک یەکەم هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.

هەر سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمی هەناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەڵێت، هەناری کوردی بەناوبانگە، ئێستا لە چوار بازاڕی نوێدا لە رێگەی ژمارەیەک لە گەورەترین فرۆشیارەکانەوە دەستدەکەوێت، ئەمەش دەرفەتی بازرگانی نوێ لەگەڵ کەنداو هەروەها سەدان هەلی کار لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.

مەسرور بارزانی ئاشکراشیکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم دەستپێشخەرییە فراوانتربکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە، لەوانە هەنگوین، سێو و ترێ.

حکومەتی ئەلیکترۆنی

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دەستپێشخەری هەژماری من کردووە بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستمی پارەدان بۆ فەرمانبەرانی حکومەت وەک قۆناغی یەکەم کە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواودەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، روونیکردووەتەوە، یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم، بریتییە لە بەشداریکردنی بانکی زیاتر کە بە ستانداردەکانی هەردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندیی عێراق کاربکەن، بۆ هێنانەدی گۆڕینی مامەڵەپێکردنی پارەی کاش بۆ سیستمێکی بانکی ئەلیکترۆنی شەفاف.

جگە لەوەش، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستمی ڤیزەی ئۆنلاین و تۆماری ئەلیکترۆنی بۆ سەرجەم قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان دامەزراندووە، بۆ ئاسانکاری بۆ دایک و باوکی قوتابییان.

کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کراوە

پرسی گۆرانی کەشوهەوا لە دۆسییەکانی ئابووری، وزە و ستراتیژی وەبەرهێنانی بیانی، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، ئاگاداری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواین لەسەر هەرێمەکەمان و هەنگاوی پێویستیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەگرینەبەر.

مەسرور بارزانی گوتی، "لە کوردستان زۆر کارمان کردووە کە زۆرێک لە خەڵکی پێی نازانن. ئەمەش چیرۆکێکی گرنگە بۆ هاوبەشی پێکردن".

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، وەبەرهێنان دەکەن لە هایدرۆپاوەر، وزەی پاک و وزەی خۆر، لەپێناو بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە.

لەبارەی پرسی گلدانەوەی ئاو و پاراستنی ئەو سامانە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەلمۆنیتەر باسی لە پلانەکانی دروستکردنی بەنداوی بچووک و گەورە کردووە بۆ باشتر بەکارهێنان و گلدانەوەی ئاوی رووبارەکان.

هەروەها مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەو باوەڕەدام کە کارکردن لەو بوارەدا، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ بنیتانانی ئەو ژێرخانە، کە دروستکردنی بەنداوەکانن بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان، لە ماوەیەکی درێژخایەندا سوودیان دەبێت".

لەبارەی گۆڕینی گازی سووتاو بۆ وزە، هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی ناوچەکانی عێراقە و سەرۆکی حکومەت بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، "ئێمە یەکەم ناوچەین لە عێراق کە توانیومانە گازی سووتاو بگرینەوە لەبری بە هەدەردانی، دمانەوێت بگۆڕین بۆ وزە، لەم رووەوە بەرنامەیەکی زۆر پێشکەوتوومان هەیە، بۆ ئەمەش راوێژمان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودوەڵەتییەکان و هاوبەشەکانمان کردووە".

بۆ خوێندنەوەی دەقی چاوپێکەوتنەکە، کلیک لێرە بکە.

سازدانی چاوپێکەوتن: ئەندرو پاراسیلیتی

وەرگێڕان: ئاری غازی