فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی رووسیا دەرچوو

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر:

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا دەرکرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، بڕیارەکە "هیچ گرنگییەکی" بۆ ئەوان نییە.

ئەمڕۆ هەینی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە "داگیرکراوەکانی" ئۆکرانیاوە بۆ رووسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەرکرد.

دادگاکە دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا.

لەلای خۆیەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوان "هیچ گرنگییەکی نییە" و دەڵێت، بڕیارەکانی دادگاکە لەڕووی یاساییەوە، "پووچەڵن".

نووسینگەی راگەیاندنی ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، بڕیارەکە تەنها دەستپێکێکە بۆ لەناوبردنی پوتن.