جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فێدرالی رووسیا بۆ کوردستان24: ئێمە لە سووریا بەدوای بەرژەوەندی خۆمانەوە نین

کەنستەنتین کەسەچۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فێدرالی رووسیا
کەنستەنتین کەسەچۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فێدرالی رووسیا

K24 - رووسیا:

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی رووسیا  رایده‌گه‌یه‌نێت، ناخوازن لەسەر مافی لایەنێك پرسی سووریا بە سوودی لایەنێکی دیكە یەکلابکەنەوە.

کەنستەنتین کەسەچۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فێدرالی رووسیا لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا و لێکنزیکردنەوەی لایەنە کوردییەکان و دیمەشق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، رووسیا ناخوازێت لەسەر حسابی یەکێک لە لایەنەکان پرسی سووریا بەسودی لایەنێکی تر یەکلابکاتەوە.

بەگوتەی کەسەچۆڤ، رووسیا هەمیشە هەوڵیداوە هەماهەنگ بێت لە گفتوگۆی نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی سووریادا و پێیانوایە چارەسەری بنچینەیی پرسی سووریا دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە بەدیبێت. ئاماژەی بەوەشدا، "بێگومان لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی سووریا لە پەیوەندیداین و ئەمە رەهەندێکی باشە و سود بە پرۆسەی ئاساییکردنی ڕەوشی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت، بێگومان لایەنەکان ناکۆکی لەنێوانینادا هەیە".

گوتیشی: ئێمە لە پرسی سوریادا بەدوای بەرژەوەندی خۆمانەوە نین و ناخوازین لەسەر حسابی یەکێک لە لایەنەکان پرسەکە بەسودی لایەنێکی تر یەکلابکەینەوە، گرنگە پرسەکە لەسەر ئاستی سیاسی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، پاشان لە هاوکێشەی سوریادا پرۆسەی دەستوری هەیە بۆ ئاسایکردنەوەی ڕەوشەکە، دیارە هەنگاوەکان بەم ئاراستەیە دژوار دەچنە پێشەوە بەڵام هیواخوازین دواجار بگاتە ئاکام، بەجۆرێک کە تەواوی خەم و نیگەرانییەکانی لایەنە جیاجیاکان بەدیبێت و بەرقەرار بێت لە داهاتووی سووریادا.