خەڵکی بەسرە نیگەرانن

لە بەسرە رۆژانە زیاتر لە سێ میلۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت و خزمەتگوزاری نییە
بەسرە
بەسرە

K24 - بەسرە

گەڕەکەکانی عەلی، حەسەن و حوسێن لە بەسرە سەرباری پیرۆزی ناوەکانیان لای شیعەکان، بەڵام خزمەتگوزاریان نییە، یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکی حوسێن دەڵێت: 20 ساڵە حکومەت و ئیدارەی خۆجێی شارەکە بەلاماندا نەهاتوون و خۆمان لە پارەی خۆمان خزمەتگوزاریمان بۆ گەڕەکەکەمان هێناوە.

لە زۆرینەی گەڕەکەکانی بەسرە دیمەنی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک هەیە، کارەبای گەڕەکەکان خراپە و ئاوی خواردنەوەشیان لە بازاڕ دەکڕن. حوسام مالیکی هاووڵاتییەکی دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی بەسرەیە بە کوردستان24ی گوت: "خۆمان وەک دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە پارە کۆدەکەینەوەو خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکانمان دابین دەکەین، ئاو و ئاوەڕۆمان بە پارەی خۆمان هێناوە، نە حکومەت، نەهیچ کەس و کەناڵێک بەلای ئێمەوە نەهاتووە".

زۆرینەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لەو خێزانانەن کە لە شەڕی داعش قوربانیان داوە، حەسەن زوبێر هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەسرەیە دەڵێت: "هیچمان ناوێ تەنها خزمەتگوزاریمان بۆ بێنن".

لە بەسرە رۆژانە زیاتر لە سێ میلۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، بەڵام خەڵکەکەی خزمەتگوزاری سەرەتاییان لە گەڕەکەکانیان نییە.