ترەمپ بە "وەرگرتنی دیاری گرانبەها" تۆمەتبار دەکرێت

K24 هەولێر

لە راپۆرتێکی دیموکراتەکانی ئەمەریکادا ترەمپ بە وەرگرتنی زیاتر لە 100 دیاری لە سەرکردەکانی جیهان تۆمەتبار دەکرێت.

لە راپۆرتێکدا کە دیموکراتەکان لە لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، یاماژە بەوەکراوە "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەو دیاریانەی ئاشکرا نەکردووە کە لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە وەریگرتوون".

بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە 100 دیاری هەیە کە لەلایەن بەرپرسانی بیانییەوە پێشکەشکراون، لەوانەش شی جین پینگ سەرۆکی چین و محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، بەهای کۆی گشتیی دیارییەکانیش زیاتر لە 250 هەزار دۆلارە، کە ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی بەپێی یاسا ئاشکرایان نەکردووە.

دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێن: دۆزینەوەی ئەم دیارییە بیانیانەی کە راپۆرت نەکراون، لەنێویاندا 17 دیاری سعوودیە کە کۆی گشتی زیاتر لە 48 هەزار دۆلارە، "پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت کە بۆچی ترەمپ ئەم دیاریانەی بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە" و ئایا ئەوان بەکارهێنراون، بۆ ئەوەی کاریگەریان هەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا لە ژێر ئیدارەی پێشوودا.

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە "بە گشتی تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی پێشوو ترەمپ و خێزانی یەکەم 117 دیاری بیانیان وەرگرتووە کە راپۆرت نەکراون، بەهای نزیکەی 291 هەزار دۆلارە"، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر دیارییە ئاشکرا نەکراوەکانی سعوودیە، ژاپۆن، هیندستان و چین.