دوای 11 ساڵ؛ ئەمڕۆ یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی میسر دەکات

تورکیا و میسر
تورکیا و میسر

K24 - هەولێر:

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا،لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی، سامیح شوکری، ئەمڕۆ شەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە میسر.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کردوون، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و شوکری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکرێن، هەروەها بیروبۆچوون لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.

چاوشئۆغڵو دوای 11 ساڵ دەبێتە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە تورکیاوە راستەوخۆ سەردانی میسر بکات.

دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، وەزیری دەرەوەی میسر رۆژی 27ی شوبات سەردانی تورکیای کرد و بۆ نیشاندنی پشتگیری وڵاتەکەی و سەرەخۆشیکردن لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.

هەروەها میسر هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا ناردبوو.