گەنجێک لەکاتی چوونی بۆ مزگەوت "لەلایەن مامۆستایەکەوە کوژراوە"

"هۆکاری کوشتنەکەی دیارنەکراوە"

K24 – کەرکووک

گەنجێکی دانیشتیووی کەرکووک لەکاتی چوونی بۆ مزگەوت کوژرا، دوای ماوەیەک لە رووداوەکە کەسوکارەکەی بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ هۆکاری کوژرانی کوڕەکەیان، پێیان گوتراوە بکوژی کوڕەکەتان مامۆستایەکە و دەستگیرکراوە.

رۆژی 19ی شوباتی 2023، گەنجێک بەناوی تەها دڵشادی تەمەن 23 ساڵ دانیشتووی گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک، ویستویەتی بۆ خوێندنی قورئان و نوێژکردن بچێتە یەكێک لە مزگەوتەکانی گەڕەکی پەنجاعەلی، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە لە رێگە بە فیشەک کوژرا.

بەفراو عەزیز، دایکی گەنجە کوژراوەکەیە بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای 24 سەعات پۆلیس کەسێکی دەستگیرکردووە کە پیشەی مامۆستایە و دانی بەوەداناوە کە بکوژی کوڕەکەیان بووە.

دایکی تەها دەڵێت: "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لای ئێمە ئەوەیە دوای مانگێک لە دەستگیرکردنی بکوژەکە پۆلیس هۆکاری کوشتنی کوڕەکەیانی پێ نەگوتوین".

بەگوتەی کەسوکاری کوژاوەکە پێشووتر هیچ یەکتر ناسینێک لەنێوان ئەم دوو کەسەدا نەبووە و تائێستاش هۆکاری کوشتنی کوڕەکەشیان نازانن.

تەها دڵشاد لە دایکبووی 2000ـە و خوێندکاری قۆناغی دووی بەشی فیزیا بووە لە زانکۆی کەرکووک.