ئەمەریکا: سزاکانی سەر رووسیا هەناردەکردنی خۆراک و پەینەکان ناگرێتەوە

K24 - هەولێر
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رەتیدەکاتەوە سزاکانی سەر رووسیا، هەناردەکردنی خۆراک و پەینەکان بگرێتەوە.
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاند، سزاکانی سەر رووسیا، هەناردەکردنی خۆراک و پەینەکان ناگرێتەوە.
گرینفیڵد گووتیشی: "ئێمە و هەموو جیهانیش دەزانێت، کە هەناردەی خۆراک لە رووسیا لانیکەم لە ئاستی پێش جەنگدا بووە، کاتێک گوێمان لە حکومەتی رووسیا دەبێت کە دەڵێت هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەین قەدەغەیە، ژمارەکان دەریدەخەن کە ئەمە راست نییە".
سەبارەت بە سزاکانی سەر رووسیا، نێردەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵی زۆری داوە روونکردنەوە بۆ حکومەتەکان و کەرتی تایبەت بدات" جیاکارییەکان روونن لە سزاکانی سەر خۆراک و پەیندا.
پێشتر ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، ئەمەریکا و لەندەن و یەکێتی ئەوروپا دوو مانگیان لەبەردەمدایە بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەی کە رێگری لە هەناردەکردنی کشتوکاڵی لە رووسیا دەکەن، هەروەها وڵاتانی هەژار تەنیا نزیکەی 3%ی ئەو پێداویستیانە وەردەگرن، نەک لە %66ی وەک بەشێک لە پاکێجی خۆراک، لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە.