دەیان باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان بۆ بەشداریکرن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە هەولێر

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی و نوێنەری 123 وڵاتی جیهان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 10:45 خولەکـی ئەمڕۆ باڵیۆزی 40 وڵات و نوێنەری 83 وڵاتی دیکە بۆ بەشداریکرن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتان نانی نیوەڕۆ میوانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبن و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەش ئێوارەخوانێکیان بۆ رێکدەخرێت.

لەلای خۆیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند:"مانگی نەورۆز پڕە لە بۆنەی جیاواز، ھەرچەندە دەبێت رێز لە ھەموو بۆنەکان بگرین، بەڵام ناکرێت دیلی دەستی رابردوو بین و دەبێت بە ئومێدەوە سەیری داھاتوو بکەین، ھەر بۆیەش لە دوای راپەڕینەوە ویستوومانە پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، لەم چوارچێوەیەشدا لەسەر بانگھیێشتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەو ژمارە باڵیۆزانەی لە بەغدان و چەندین دیپلۆماتی دیکە گەیشتوونەتە ھەولێر و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و دواتریش ئێوارەخوانێک ئامادە دەکرێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەمجۆرە ھەوڵمانداوە پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین".