پۆلیسی تاران ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی پووچەڵکردەوە

K24 - هەولێر
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لە ناوەندی تارانی پایتەخت پووچەڵ کردووەتەوە.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی فارس، بەرپرسی هێزی پۆلیسی تاران رایگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی هەینی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لە ناوەندی تاران پووچەڵکردووەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی بەهەشتی شاری تاران، بۆمبێکیان لەژێر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا پووچەڵکردەوە کە هی هاووڵاتییەک بووە.
دەشڵێت، "ئەم کەسە سەرنجی شتێکی گوماناوی لە ژێر ئۆتۆمبێلە تایبەتیەکەیدا داوە و پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە".
ئاماژە بەوەکراو، دوای گەیشتنیان بە شوێنەکە، هێزە ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلەکە بۆمبڕێژکراوە، دواتر پسپۆڕانی تایبەتمەند لە هەڵوەشاندنەوەی تەقەمەنی هاتوونەتە شەقامی بەهەشتی و تەقەمەنیەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە.
بە گوتەی دەسەڵاتداران، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خاوەن ئۆتۆمبێلەکە هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا نییە، پێدەچێت کەسی دیکە لە پشت ئەو روودەوە بێت.