هاوپەیمانی نەسر: تێپەڕاندنی یاسای سانت لیگۆ دۆخەکە ئاڵۆز دەکات

سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکات

K24 - هەولێر

گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر کە بەشێکن لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایەگەیاند، ئەگەر یاسای سانت لیگۆ لە پەرلەمانی عێراق تێبپەڕێندرێت، ئەوا سەرجەم هێزە سیاسییەکان باجەکەی دەدەن.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان سەعید لامی گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی رایگەیاند "گومانی زۆر هەیە تێپەڕاندنی سانت لیگۆ لە پەرلەمان کاردانەوەی ناڕەزایەتی موقتەدا سەدری بەدوادابێت و دۆخەکە ئاڵۆزبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسییەکانەوە پشتیوانی بکرێت و نەبێتە هۆکارێک بۆ نانەوەی پشێوی و دووبەرەکی.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی 19ی ئاداری 2023، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەمواری پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدات و بابەتەکەش بووە بە جێگەی ململانێی توندی لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق.