بایدن پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی دەکات و پوتن بە 'ئەنجامدەری تاوانی جەنگ' ناودەبات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانەوە گوتی:"ئاشکرایە کە (پوتین) تاوانی جەنگی ئەنجامداوە". سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارەکەی بە رەوا دەزانێت، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، "دادگاکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانەنراوە".

ئەمڕۆ شەممە 18ـی ئادار/ مارسی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

بایدن گوتی: "پێموایە بڕیارێکی رەوایە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان لەلایەن ئێمە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دانی پێدانانرێت".

لەلایەکی دیکەوە کاتێکیش پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا پوتن تاوانی جەنگی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە، بایدن گوتی: "ئاشکرایە کە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە".

بایدن ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان پوتن و شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکەن کە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

دوێنێ هەینی، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا و ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا، کۆمیسیاری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان دەرکردووە.