پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجە دەستپێدەکات

K24 - هەولێر
حکومەتی عێراق رایگەیاند، رەشنووسی یاسای بودجەی دارایی بۆ ماوەی سێ ساڵ رادەستی پەرلەمان کردووە، هاوکات پەرلەمانیش دەستپێکردنی گفتوگۆی پێویستی وەک ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی پشتڕاستکردەوە.
باسم ئەلعەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023-2024-2025 بە فەرمی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران کرا".
ئەلعەوادی ئاماژه ی به وه شدا، رەشنووسی یاسای بودجه بۆ یەکەمجار به مادده و بڕگه ی نوێوه پەسەندکراون، کە توانای ئاسانکاری بۆ جێەجێکردنی پڕۆژه و پلان و بەرنامەی کارگێڕی و گەشەپێدانی هەیه، هەروەها دابینکردنی ژێرخان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، رایگەیاند، "دامەزراوەی یاسادانان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە رەشنووسی یاساکە بەپێی یاسایی جێبەجێ دەکات".
عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسایی بە شەرقولئوسەتی راگەیاند، "پرۆسەی یەکخستنی بودجە بۆ سێ ساڵی داهاتوو لە رووی دەستووری و یاساییەوە رێگە پێدراوە، وەک لە مادەی 78ی دەستوور و مادەی 4 بڕگەی 2ی ئیدارەی دارایی یاسای قەرزی گشتی ژمارە 6ی ساڵی 2019".
ئەلتەمیمی روونیشیکردەوە، "ئەمە بابەتێکە لەگەڵ فەلسەفەی یاسادانانی بودجەدا دەگونجێت، کە پلانێکی دارایی داهاتووە کە رێگری لە دواکەوتنی یاسادانان دەکات و دەتوانێت بەهای نەوت و نرخی دۆلار بخەملێنێت و دامەزراندن و هەلی کار دیاری بکات".
دوای پێنج مانگ لە پێکهێنانی حکومەتی عێرق ئێستا بودجە رەوانەی پەرلەمان کرا، هێزە سیاسییەکانیش ترسی خۆیان لە ئەگەری جێگیربوونی نرخی نەوت دەردەبڕن، بەو پێیەی حکومەتی عێراق نرخی بەرمیلێکی بە نزیکەی 75 دۆلار دانا، لە کاتێکدا نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار دابەزی پێش ئەوەی دووبارە بەرزبێتەوە.
دوای سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ هەولێر و سلێمانی، رایگەیاندبوو، بەپێی ئەو رێککەوتنەی نێوان بەغدا و هەولێر، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەگاتە 12.6%.
بودجەی عێراق بۆ هەر سێ ساڵی داهاتوو زیاتر لە 450 ملیار دۆلارە.