سوید هەڵسەنگاندن بۆ لێکەوتەکانی دواکەوتنی ئەندامبوونی لە ناتۆدا دەکات

ئاڵای سوید
ئاڵای سوید

K24 - هەولێر:

تۆبیاس بیلستروم، وەزیری دەرەوەی سوید، دەربارەی بڕیارەکەی تورکیا بۆ دەستپێکردنی قۆناغی پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ رایگەیاند "هێشتنەوەی سوید لە دەرەوەی ناتۆ، بۆ ماوەیەکی کورت هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات. بەڵام ئەگەر ئەم قۆناغە درێژە بکێشێت ئاشکرایە کە زۆر شت دەگۆڕێن. لە کاتێکدا فینلاند لە ناتۆ نزیکتر دەبێتەوە، سوید لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەهێڵرێتەوە".

بیلسروم لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی بڕیارەکەی تورکیا بۆ پێشکەشکردنی پڕۆتۆکۆلی ئەندامێتی فینلاند لە هاوپەیامانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا و دەستپێکردنی قۆناغی پەسەندکردنی ئەندامێتییەکە دوا و رایگەیاند: "وەک پێشبینیم دەکرد، تورکیا قۆناغی پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاندی دەستپێکردووە. ئەمە بۆ ئێمە نەخوازراوبوو بەڵام لەهەمان کاتدا چاوەڕوانکراویش بوو".

وەزیری دەرەوەی سوید ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر فینلاند بەر لە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ لە ماوەیەکی نزیکدا کاریگەری ئەوتۆی نابێت و رایگەیاند: "لەگەڵ فینلاند پێکەوە لە هەمان رۆژ داوای بوونە ئەنداممان لە ناتۆ کرد. هێشتنەوەی سوید لە دەرەوەی ناتۆ بۆ ماوەیەکی کورت هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات. بەڵام ئەگەر ئەم قۆناغە درێژە بکێشێت ئاشکرایە کە زۆر شت دەگۆڕێن. لە کاتێکدا فینلاند لە ناتۆ نزیکتر دەبێتەوە، سوید لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەهێڵرێتەوە".

بیلستروم باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە رێککەوتننامەی سێقۆڵی کە لەگەڵ تورکیا و فینلاند تایبەت بە بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ واژووی کردبوو.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا،  دوێنێ هەینی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا فینلاندییەکەی، ساولی نینیستۆ رایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەو بایەخەی بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەمان نیشانیاندا، بڕیارماندا پڕۆتۆکۆلی ئەندامێتی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ بخەیەنە بەردەست پەرلەمانی وڵاتەکەمان و قۆناغی پەسەندکردنی ئەندامێتییەکە دەست پێبکەین".