میسر و تورکیا دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن

K24 - هەولێر:

دوای 11 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر جارێکی دیکە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە دەستیانپێکردەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، ئەنقەرە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاهیرە بگەیەنێتە ئاستێکی باڵا و مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، مەولود چاوشئۆ‌غڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە میسر و لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هەردوولا خواستی ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان دووپاتکردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "پێویستە پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی وزە و بازرگانی و گواستنەوە فراوان بکەین و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانمان بگەیەنینە ئاستێکی باڵا. هەروەها دەمانەوێت دووبارە دیدارە راوێژکارییەکانمان لەبارەی پرسە ناوچەییەکان دەستپێبکەینەوە".

هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەبواری سەربازیش  دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەینەوە و وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای میسرمان بەمەبەستی بەشداریکردنی لە سێ مانۆڕی سەربازی بانگهێشت کردووە. ". 

لەبەرامبەر ئەوەشدا، سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئەنقەرە و قاهیرە پێگەیەکی گرنگی هەیە و لەماوەی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوولا گەیشتووەتە نۆ ملیار دۆلار.

وەزیری دەرەوەی میسر گوتیشی، "خواست هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و قاهیرە، ئامادەیمان نیشاندا بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سیاسی و ئابوورییەکان. ئابووری رۆڵێکی گرنگی هەیە. میسر سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ تورکیا هەبێت، تەنانەت لەماوەی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی میسر و تورکیا گەیشتە نۆ ملیار دۆلار کە ئەمەش رێژەیەکی گرنگە بۆ هەردوولا. وەبەرهێنانی تورکیاش لە میسر دەگاتە 2.5 ملیار دۆلار و بوونی بازرگانانی تورکیا لە وڵاتەکەمان هەمیشە جێگەی بایەخی ئێمە بووە".

لەبارەی دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەردوو سەرۆک دیدارێکی دووقۆڵییان دەبێت و قۆناغیکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە.

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو بوارەکاندا چەند هەنگاوێک هەن کە پێویستە بیگرینەبەر، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە هەردوولا رژدن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و خاوەن ئیرادەی سیاسیین.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ قاهیرە، لەسەر لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی بووە و چاوشئۆغڵو دوای 11 ساڵ دەبێتە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە تورکیاوە راستەوخۆ سەردانی میسر بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، وەزیری دەرەوەی میسر رۆژی (27ی شوبات/فێبرایەری 2023) سەردانی تورکیای کرد و بۆ نیشاندنی پشتگیری وڵاتەکەی و سەرەخۆشیکردن لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.