رەواج حاجی: دەزگای خێرخوازی بارزانی بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی جندرێس دەکات

رەواج حاجی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی
رەواج حاجی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 – هەولێر:

دەزگای خێرخوازی بارزانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 57 بارهەڵگر کۆمەک و هاوکاری عەفرین ناردووە و بەرپرسێکی ئەو دەزگایەش ئاشکرایدەکات، بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی جندرێس دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، رەواج حاجی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24 راگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەستیان کرد بە رەوانەکردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان و تاوەکو ئێستا چالاکی بەردەوامیان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە هەیە.

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی راشیگەیاند، زیاتر لە 57 بارهەڵگر کۆمەک و هاوکارییان بۆ عەفرین رەوانە کردووە و بەشداریش دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی جندرێس.

رۆژی هەینی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، زیانی بوومەلەزرەکەی مانگی رابردوو، بە دوو ترلیۆن لیرە مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە 103.6 ملیار دۆلار، کە زیانێکی زۆر بەژێرخانی ئابووری ناوچەکانی بوومەلەرزەکە گەیشتووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستان، هه‌روه‌ها سووریا و رۆژئاوای كوردستانی  ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا.

بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 56 هەزار کەس کە زیاتر لە 49 هەزاریان لە تورکیا و باکووری کوردستان و زیاتر لە حەوت هەزار و 200 کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوونە.