له بیستهم ساڵیادی هێرشی ئهمهریكا بۆسهر عێراق رووسیا داوایهك دهكات

K24 – هەولێر:
بۆ دووبارە تاووتوێکردنی لێکەوتەکانی هێرشی ئهمهریكا بۆسهر عێراق، نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، له یادی بیست ساڵهی ئهو هێرشه، داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی داخراو دەکات.
دیمتری بۆلیانسکی نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام نووسیوییەتی: رۆژی 20ـی ئەم مانگە، ساڵیادی هێرشهكانی ئەمەریکایە بۆسهر عێراق.
هەروەها راشیگەیاند، بیست ساڵ لەمەوبەر کۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودهوڵهتیدا رایگەیاند، چەکی کۆکوژ لە عێراق دۆزراوەتەوە، كه لە راستیدا زانیارییەکانی دروست نەبوون.
بۆلیانسکی هەروەها روونیشیکردەوە، مەسەلەکە پەیوەستە بە کاریگەری و لێکەوتە مەترسیدارەکانی دوای ئەو جەنگە بۆسەر عێراق و تهواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تا ئێستا برینەکان سارێژ نەبوونە.
نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت: لە رۆژهەڵاتی ناویندا پشتگیری لەو دەسەڵاتدارانە دەکرێت، کە پاڵپشتی لە سیاسەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەن.
هەروەها گوتیشی؛ پێمانخۆشە لەم بەروارە خەمناکەدا، لەگەڵ ئەمەریکییەکان ئاهەنگ بگێڕین، لە میانەی دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، لە 20ـی مانگدا گفتوگۆی ئەم پرسە بكهین، دواتر دێین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هەڵسەنگاندن دەکەین.