راوێژکارێکی سەرۆک وەزیران کاریگەری داکەوتنی نرخی نەوت لەسەر بودجە دەخاتەڕوو

K24 - هەولێر
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوو هۆکاری سەرەکی بۆ داکەوتنی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 دەخاتەڕوو.
ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دووپاتیدەکاتەوە کە داکەوتنی نرخی نەوت، کورتهێنان لە بودجە فراوانتر دەکات.
راوێژکاری دارایی ئاماژە بەوەدەکات، پێنوێنەکانی بازاڕی نەوتی جیهان و ئاماژەن بەوەی نرخی نەوت رووی لە دابەزینە. ئەو داکەوتنەش بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە ئەوانیش داکەوتنی ئابووری لە وڵاتە پیشەسازییەکان و داڕمانی کەرتی بانکی لە وڵاتانی رۆژئاوا. هەروەها رێژەی گەشەی ئابووری و خواستی گشتی رووی لە دابەزینە بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا و هاوردەکارانی نەوت، بۆیە ئەوەش کاریگەری لەسەر خواست بۆ نەوت دەبێت و نرخەکەی دادەبەزێنێت.
لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجەەوە دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە بۆیە بێ گومان هەر کاتێک ئەو نرخە زیاتر داکەوتێت ئەوا کورتهێنان لە بودجەی عێراق فراوانتر دەبێت.