لە بەسرە ساڵانە 10 هەزار کەس تووشی شێرپەنجە دەبن
.jpg)
K24 - بەسرە
ساڵانە لە بەسرە 10 هەزار کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، بە گوتەی بەرپرسی ئۆڤیسی بەسرە بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم ژمارانە لە نزیک کێگڵەکە نەوتییەکان پێنج هێندە بەرزدەبنەوە و تادێت ژمارەکانیش لە هەڵکشانە، پیاوێکی بە تەمەنی ئەو شارە لەنێو بازاڕ دەڵێت: ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشیە بوونە یان بەهۆی نەوت و پاشماوەکانێتی یان بەهۆی پیسی ژینگەی پارێزگاکەوە بووە.
تیمێکی کوردستان24 لە بەسرە بەدواداچوون بۆ زۆربوونی ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە دەکات. حاجی کەریم پیاوێکی بە تەمەنی دانیشتووی بەسرەیە و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، هۆکاری زیادبوونی شێرپەنجە لە شارەکەیان بۆ پیسبوونی ژینگە دەگێڕیتەوە.
حاجی کەریم، دەڵێت: "دەرمان نییە دەرزی و پێداویستی پزیشکی نییە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە، من دڵنیام لە قسەی خۆم، بڕۆ تەماشای نەخۆشخانەکان بکە بەخوا گریانت دێت، رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی تووشبونی خەڵک بە شێرپەنجە لە بەسرە زیاد دەکات، کە مەترسیدارە".
دوای بەدواداچوونی کوردستان24 بۆ بابەتەکە و سەردانی نەخۆشخانەی تایبەتی شێرپەنجە لە بەسرە، دەرکەوت کە ژمارەی تووشبوونی خەڵک بە شێرپەنجە بەرێژەیەکی مەترسیداری تۆمار کردووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوونی خەڵک بە شێرپەنجە لە بەسرە دووکەڵی نەوت و پاشماوەکانێتی کە "ساڵانە 10 هەزار کەس لە لەو پارێزگایە تووشی شێرپەنجە دەبن".
مەهدی تەمیمی، بەرپرسی ئۆفیسی مافی مرۆڤ لە بەسرە بە کوردستان24ی گوت: " لە بەسرە ساڵانە 10 هەزار کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، ژمارەکانیش بەردەوام زیاد دەکەن، هەندێک ناوچە هەیە نزیک کێڵەگە نەوتییەکان ژمارەکان پێنج هێندەی شوێنی دیکەن".
لەسەر ئاستی عێراق بەسرە پیسترین ژینگەی هەیە، بە جۆرێک کە لە دوای بەغدا بە پیسترین شار دادەنرێت. ئەمەش بە هۆکارێکی دیکە دادەنرێت بۆ تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشی شێرپەنجە.
بەگوێرەی داتاکان هەر رۆژێک لە بەسرە زیاتر لە 27 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، ئەم ئامارە فەرمییە و لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی بە سرەوە راگەیەندراوە، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شارە لەژێر هەڕەشەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دان.