سه‌رۆك بارزانی باسی چەند نهێنیەکی پێش رووخانی رژێمی بەعس دەکات

سەرۆک بارزانی: شاندێكی ئه‌مه‌ریكا هاتنه‌ لام و بڕیاری رووخانی رژێمی سه‌دامیان پێڕاگه‌یاندم

K24 - هەولێر

له‌ ساڵی 2002، سه‌رۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئه‌مه‌ریكی کردووە، شانده‌كه‌ پێیان گوتووە: ئەمەریکا بڕیاری لەناوبردنی رژێمی سەدام حوسێنی داوه‌، هێرشەکە لە چەند میحوەرێکەوە دەبێت و رۆڵی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت راگه‌یاند: لە مانگی نیسانی 2002دا، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی رایان کرۆکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سه‌ردانیان كردم، شانده‌كه‌ هەڵوێستی ئەمەریکایان لەسەر رژێمی سەدام ئاشكراكرد،  پێشنیاریان کردووه‌، کە سەرۆک بارزانی لە 14ی هەمان مانگدا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال سەردانی واشنتن بكه‌ن، شاندەکە ئامۆژگاری گرنگی رێکخستنی پەیوەندییەکانی ناو ماڵی کوردیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی کە بەدەست هاتوون.

سەرۆک بارزانی لە وەڵامدا گوتویەتی: کورد پشتگیری لە هەر پرۆسەیەک دەکات، کە ئامانجی دامەزراندنی عێراقێکی دیموکراسی، فیدراڵی و فرەیی بێت،  داوای گەرەنتی لە ئەمەریکا دەکەین کە ئایندەی گەلەکەمان پارێزراو بێت، واشنتنیش دەتوانێت وڵاتانی دراوسێ ئاگادار بکاتەوە، کە ئێمە هیچ مەترسییەک بۆ سەر هیچ کەسێک یان لایەنێک دروست ناکەین."

رۆژی 15ی نیسان، سه‌رۆك مەسعود بارزانی بە یاوەری مەسرور بارزانی و هۆشیار زێباری سواری فڕۆکەیەکی تایبەت بووە بۆ فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌وێ چاوه‌ڕێیان کردووە، شاندی كوردی ته‌واوبوو له‌گه‌ڵ مام جەلال تاڵەبانی و بافڵی کوڕی و بەرهەم ساڵحیش، دواتریش ده‌چنه‌ ئه‌مه‌ریكا لە میوانخانەیەکدا کە لەلایەن خزمەتگوزارییە ئەمریکییەکانەوە لە ڤێرجینیا هەڵبژێردراوە، ئەم کۆبوونەوە گرنگە بەڕێوەدەچێت، لایەنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێكهاتبوون له‌،  ماک لۆفلین جێگری سەرۆکی سی ئای ئەی،  ژەنەڕاڵ واین داونینگ لە ئاسایشی نیشتمانی و رایان کرۆکەر لە وەزارەتی دەرەوە بەشداربوون، ئەمەش بەو مانایەی کە کۆبوونەوەکە بە بەشداری و هەماهەنگی کۆشکی سپی و هەواڵگری و کاروباری دەرەوە بووە.

.

له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌مه‌ریكییه‌كان رایانگەیاندووە، بڕیاری رووخاندنی سەدام دراوە و هیچ په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌كیش نییە، ئەوان دەستەواژەی راشکاوانەیان بەکارهێنا وەک "ئەمەریکا بڕیاری داوە سەدام لە دەسەڵات دووربخاته‌وه‌" هه‌روه‌ها کورد "دەبێت مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت" و ئەمەریکا رازیە بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، ئەمەریکاش رێگە بە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی ناده‌ن، چونكه‌ ئەمەریکا هیوایەکی زۆری بە رۆڵی کورد هەیە لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئۆپۆزسیۆنی عێراق.

وەڵامی شاندی کوردیش ئه‌وه‌بوو، "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، تا ئەوکاتەی بەدیلی رژێمی عێراق بەدیلێکی دیموکراسی بێت و فیدراڵی بۆ کوردستان پەسەند بکرێت، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین و بەڵێن دەدەین بۆ یەکخستنی ئۆپۆزسیۆن هەنگاو بنێین".

ئەو شەوە سەرۆک بارزانی باسی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆڵی زلهێزەکان وهەندێک وڵاتانی ناوچەکە لەدەست نادات کە هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا لە رازیکردنی شا محەممەد رەزا پەهلەوی بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سەدام حوسێن، واژۆ كرد، كه‌ بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئێران هەموو پشتیوانییەکانی بۆ شۆڕشی کورد راگرت کە تووشی داڕمانێکی ترسناک ببوو، هەروەها لەبیری ناچێت یەکێتی سۆڤیەت هاوکارییەکی کەمی کوردەکانی عێراقی دەکرد، دوای ئەوەی بەغدا لە ساڵی 1972 دا،  "پەیمانی دۆستایەتی و هاوکاری" لەگەڵ مۆسکۆ واژۆکرد.

كه‌ سەرۆک بارزانی و شاندی یاوه‌ری لە فرانکفۆرتەوە بەرەو پاریس بەرێکەوتن، بەرپرسانی فەرەنسا لەوە دڵنیا بوون کە ئەمریکا بڕیاری کۆتایی داوە بۆ رووخاندنی سەدام حوسێن، هەر بۆیە پرسیارەکانیان لەسەر به‌دیلی سه‌دام بوو،  سەرۆک بارزانیش دووپاتیکردەوە کە بە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دەگاتە بەدیلەکە، هەروەها پێویستە سیستەمی داهاتوو دیموکراسی و فیدراڵی بێت و مافی پێکهاتە جیاوازەکان زامن بکات.

.

دوای پاریس، شاندەکە بەرەو دیمەشق بەرێکەوتن،  سه‌رۆك بارزانی پێیوابوو ئەو پەیوەندییەی لە سەردەمی حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، کورد پابەند دەکات بە راوێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد و حوکمڕانییەکەی،  ده‌شڵێت، "دوای قسەکردن لەسەر بارودۆخی گشتی ناوچەکە، پرسیارمان لە ئەگەری لابردنی رژێمی عێراق کرد، ئاگادارم کردن کە پێشتر بڕیاری کۆتایی دراوە و هەستم کرد کە ئەمە زۆر دڵخۆشکەر و دڵخۆشی کردن".

سەرۆک بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووە: "هه‌ر له‌ سووریا سەبارەت بە ئایندەی عێراق دڵنیام کردن کە هیچ پلانێک بۆ دابەشکردنی عێراق نییە و رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادرێت، سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی بڕیاری لابردنی رژێمی عێراق پێم گوتن تەنها ئەمەریکییەکان ئەوە دەزانن. جێگری سەرۆک کۆماری سووریا بە تەواوی قەناعەتی بەوە هەبوو کە ئەمەریکا دەستوەردانی سەربازی لە عێراقدا ناکات و ئامادەبوو گرەو لەسەر ئەوە بکات".

.
.