پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە کە بە فێڵ و بەناوی خێرخوازییەوە پارەیان کۆدەکردەوە

تۆمەتباران / وێنە: پۆلیسی هەولێر
تۆمەتباران / وێنە: پۆلیسی هەولێر

K24 - هەولێر:

پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، چوارکەسیان دەستگیرکردووە کە بەناوی رێکخراوی خێرخوازییەوە لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری هەولێر پارەیان کۆدەکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، باندێکی چوار کەسییان بە ناوەکانی (م. ن. خ) و (ح. ش. م) و (ھ. ا. ا) و (ڤ. ح. س) دەستگیرکردووە، کە بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازیی و نەخۆشخانەی (نانەکەلی) لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری هەولێر، پارەیان کۆدەکردەوە و چەند جۆرە پەرتووکێکیشیان بە خەڵک دەفرۆشت، کە گوایە پارەی پەرتووکەکانیش بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلییە، بەڵام لە راستیدا خەڵکیان هەڵدەخەڵەتاند.

پۆلیس هەروەها دەڵێت: تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیان داناوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر راگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.