جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگای نەینەوا کوژرا

K24 – هەولێر:

لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا، جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگای نەینەوا کوژرا و تەقەکەرەش کە پێشتر بە تۆمەتی کاری ساختەکردن داواکرابوو، بە برینداری دەستگیرکرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی ئادار/مارسی 2023) لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو لە سەنتەری شاری مووسڵ، عەمید سەعد حیکمەت ئەترووشی، جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگای نەینەوا، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی کوژرا و کارمەندێکی دیکەی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو کەسەی داواکرابووە، پێشتر فەرمانبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی پارێزگای نەینەوا بووە و بە هۆکاری ساختەکاری لە مامەڵەی زەوی و موڵک لەلایەن دادگا داواکراوبووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک کەمپی زانکۆی مووسڵ رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە دواتر بە برینداری دەستگیرکراوە.