هیوا ئەفەندی: سەرجەم تیمەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری رایگەیاند، سەرجەم تیمەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، دیدی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بەرەوپێش بچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی ئادار/مارسی 2023)، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشدیاریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشیکرد، رایگەیاند، له‌ مێژووی عێراقدا بۆ یه‌كه‌مجاره‌ و ده‌گمه‌نیشه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌سێك له‌ به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا دیدێکی دیجیتاڵیی هه‌بێت، كه‌ ئه‌ویش سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانه.

هەروەها هیوا ‌ئەفەندی ئاماژەشی بەوەکرد، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی وه‌رچه‌رخانی ئابووری ئامانجه‌ ئابوورییه‌كه‌یه‌تی، كه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت له‌ رێگه‌یه‌وه‌ تێچوو كه‌مبكاته‌وه‌ و داهاتیش زیاد بكات.

لەبارەی پرۆژەی هەژماری من،  سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان جه‌ختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌، سیستمی هه‌ژماری من كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان تێدا ده‌سته‌به‌ركراوه‌.

سەبارەت بە دیدی حکومڕانی کابینەی نۆیەم بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، هیوا ‌ ئەفەندی روونیکردوە، ئامانجی سەرۆک وەزیران ئەوەیە تا ساڵی 2025، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هاوڵاتییان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان، فە دیجیتاڵی بکرێت و پێویست بە بەکارهێنانی کاغەز نامێنێت. ئەمەش تێچووی کات و ماددی بۆ هاووڵاتییان و حکومەتیش دەگەڕێنێتەوە.

هیوا ‌ئەفەندی ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی باجیش بە دیجیتاڵی دەکرێت، کە ئەمەش جگە لە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و خاوەنکارەکان، بنەمای شەفافیەتیش زیاتر دەچەسپێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاشکرایکرد، هەموو ئەو تیمانەی لە پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتدا کاردەکەن، گەنجی هەرێمی کوردستان و دەرچووی زانکۆکانی هەرێمن و تەمەنیان لە 25 ساڵ تێناپەڕێت، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە.