شەمخانی بۆ سوودانی: عێراقی یەکپارچە دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە

كۆبوونه‌وه‌ی شه‌مخانی و سوودانی
كۆبوونه‌وه‌ی شه‌مخانی و سوودانی

K24 – هەولێر:

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی سنوورەکان و رێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئێران لە خاکی عێراقەوە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوو.

ئاژانسی ئیرنای ئێران بڵاویکردەوە، عەلی شەمخانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق دەربڕیوە و رایگەیاندووە، عێراقی یەکپارچە و بەهێز، دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە.

شەمخانی جەختیشی کردووەتەوە، هەر جۆرە نائارامییەک لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاسایشی هاووڵاتییان و رێگری لە گەشەسەندنی ئابووریی شارە سنوورییەکان دەکات، هەر بۆیە دەبێ بە توندی ڕووبەڕووی هەر جۆرە هۆکارێکی ناسەقامگیریی سنوورەکان ببینەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ئیرنا لەم کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان دوو وڵات، پێشاندەری ئەوەیە کە هەردوو لا لەسەر ئەو بڕوایەن ئاسایشی ئێران و عێراق لێک جیا نییە و حکومەتی عێراقیش بە گوێرەی دەستوور و ئەو بەڵێنانەی داوێتی، ڕێگا نادات هیچ لایەنێک لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئێران.