رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق دیاریکرا

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.

دانیشتنی پەرلەمانی عێرق کە کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک  و نەینەوا.

سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.

بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.