بوومەلەرزە کۆتایی بە شەڕی نێوان دوو هاوسەر هێنا

چیرۆکی رزگاربوونی دایک و کچێک لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات

K24 - ئەنقەرە

دوو کاتژمێر پێش بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، پیاوێک کە ناکۆکی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبوو، کاتژمێر دووی  بەرەبەیانی دوای دەمەقاڵێیەکی زۆر، جانانی هاوسەری و کچە سێ ساڵانەکەی لە ماڵ دەکاتە دەرەوە. کاتێک بوومەلەرزەکە روویدا، دایک و کچەکە رزگاریان دەبێت و باوکەکەش لە ژێر داروپەردوودی ماڵەکە مایەوە.

ئەو ژن و مێردە، دوای چوار ساڵ پێکەوە ژیان، ناکۆکیی و کێشە لەنێوانیان  دروست دەبێت  و ژنەکە داوای جیا بوونەوە دەکات، بۆیە ماوەیەک دوور لە یەکتر دەژیان. زەکی تەمەن 39 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیان ماوەتەوە کە دەکەوێتە شاری ماڵاتیا، هاوسەرەکەی بەناوی جانان تەمەن  38 ساڵ لەگەڵ کچە سێ ساڵانەکەی لە شۆێنی داڵدەدانی ژنان لە شاری هەکاری دەژیان.

رۆژی 5ی شوباتی 2023، رۆژێک پێش بوومەلەرزەکە، جانان لە گەڵ کچەکەی لە هەکارییەوە بەرەو ماڵاتیا دەچێت تا لەگەڵ زەکی هاوسەری قسە بکەن. ئەو شەوە گفتوگۆی نێوان ئەو دوو هاوسەرە گرژی زیاتری تێکەوتووە، و لە کاتژمێر 2:00ی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2023 زەکی توڕە دەبێت  و ژنەکەی و کچەکەی لە ماڵەوە دەکاتە دەرەوە.

جانان و کچە سێ ساڵانەکەی دوای ئەم رووداوە دەرنگانی شەو لە  شاردا سەرگەردان دەبن. ئەوان جێگەی مانەوەیان نابێت و بە ناچاری دەچنە ناو پارکێک، کاتێک بوومەلەرزەکە کاتژمێر 4:17 خولەکی بەیانی روویدا، ئەوان کە لە پارکەکەدا بوون، رزگاریان دەبێت و زەکی کە بە تەنیا لە ماڵەوە بوو، دەکەوێتە ژێر داروپەردووی ماڵەکەیان .

دوای بوومەلەرزەکە، جانان پەیوەندی بە  تیمەکانی بەرگری شارستانی دەکات و ئەوانیش رێنمایی دەکەن و خۆی و کچەکەی دەچنە دریاربەکر، لەوێ خێوەتێکیان پێدەدەن کە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە دانرابوو، دوای چوار رۆژ، خوشکی زەکی تەلەفۆن بۆجانان دەکات و دەڵیت، دوای سێ رۆژ لە بوومەلەرزەکە  تەرمی زەکی دۆزراوەتە کە لەژێر داروپەردووی خانووکەیدا بووە. جانان: دەڵێت کچەکەم نازانێت چی بەسەر باوکی هاتووە، کاتێک ئەم رووداوە و چۆنیەتی دەربازبوونمانم بیر دەکەوێتەوە دەست دەکەم بە گریان، کچەکەم دەپرسێت دایە بۆ دەگریت؟.