هاتووچۆی پارێزگای هەولێر پلانی رۆژانی نەورۆزی راگەیاند

"بە هەموو شێوەیەک هاتووچۆکردنی ماتۆرسکیلی دوو تایە بۆ سەیرانگاکان قەدەغە دەکرێت"
چوونی هاووڵاتییان بۆ گەشت و سەیران لە دەربەندی رانیە
چوونی هاووڵاتییان بۆ گەشت و سەیران لە دەربەندی رانیە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ، کەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی رێگای سەیرانگاکان و کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، پلانی رۆژانی نەورۆزی راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرجەم ئەو رێگایانەی کە بۆ سەیرانگاکانی (هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بێستانە، زورگەکانی مەخمور، خەبات) دەچن، کراوە دەبن بۆ هاتن و چوون، هیچ رێگایەک داناخرێت و ناکرێت بەتەنیا هاتن یان چوون.

هەروەها بەدرێژایی ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگاکان دەچن ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ رێکخستنی هاتووچۆ، رێگاگرتن لەهەر سەرپێچیەک کە ببێتە هۆی خنکانی رێگایەکان.

ئاماژە بەوەشدرا، هاتووچۆکردنی هەر بارهەڵگرێک کە کێشی هەڵگرتنی سەرووی هەشت تۆن بێت لە کاتژمێر شەشی بەیانیەوە قەدەغە دەکرێت، تاکو درەنگانی شەو و ئاسایی بوونەوەی رێگایەکان.

هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام لە سەیرانگاکان بە هەموو شێوەیەک هاتووچۆکردنی ماتۆرسکیلی دوو تایە بۆ سەیرانگاکان قەدەغە دەکرێت، تەنها رێگا دەدرێت بە ماتۆرسکیلی سێ تایە بۆ هاتووچۆکردن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، کە بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی مەینۆشی و لێخوڕین لەژێر کاریگەری ماددە سەرخۆشکەرەکان لەسەرجەم رێگایەکان بەتایبەتی لەکاتی گەڕانەوە لە سەیرانگاکان مەفرەزە بۆ پشکنینی مەینۆشی  دادەنرێت، هەر شوفێرێک گومانی مەینۆشی لێبکرێت پشکنینی بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە رێگریکردن لەتیژڕۆییکردن و کێبڕکێکردنی هەندێک لە شوفێران، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لەهەر شوێنێک ئەگەری تیژڕۆیی لێبکرێت کامێرای چاودێری تیژڕۆیی دادەنرێت.

بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هاتووچۆی هەولێر هێڵی گەرمی (440) بەدرێژایی کار کراوە دەبێت.

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی رێگاکان، هاتووچۆی هەولێر باسی لەوەکرد، لە رێگای رادیۆی هاتووچۆی هەولێرەوە بە بەردەوامی زانیاری و رێنمایی بڵاودەکرێتەوە.