سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە مەسرور بارزانی دەکەن

پاتریەرکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان: لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی مەزنم لە حوکمڕانی مەسرور بارزانیدا بینیوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئایینی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسییانەی پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە، کە لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە تۆ و لە گەلی کوردی خۆشەویست دەکەم، هیوای سەقامگیری و ئارامی بۆ گەل و وڵاتەکەمان دەخوازین.

هەروەها، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کامەرانی بۆ هەمووان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلەکەمان.

لەلای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە مەسرور بارزانی کرد و لە پەیامێکدا دەڵێت: هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ سەرەتایەک بێت بۆ پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هاوبەشی گەلی عێراق.

هەروەها مار ئاوای سێیەم، کە پاتریەرکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە لە جیهاندا لە پەیامێکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، نووسیویەتی: جەژنی نەتەوەیی کورد و ساڵی نوێی کوردی (2723) بەدەرفەت دەزانم کە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و گەلی کوردستان بکەم.

پاتریەرکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری دەشڵێت: لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پێشکەوتنە مەزنەم بینی کە لە ماوەی حوکمڕانیی مەسرور بارزانیدا لەڕووی ئەمنی، ئابووری، ئازادی رادەربڕین، مافی ئافرەت و هاندانی گەنجان بۆ پشتبەستن بە خۆیان و نیشاندانی هێزی خۆیان، هاتووەتە ئاراوە. بۆیە زۆر گەشبینم بە ئایندەی هەرێمی کوردستان.