زانیاری لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمشەوی هەولێر ئاشکرادەکرێت

K24  - هەولێر:

دوای رووداوێکی تەقەکردن لە شاری هەولێر کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر بەزووترین کات توانییان بکوژەکە دەستگیربکەن.

ئەمشەو (20ـی ئادار/مارسی 2023)، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بەناوی (د. ب. ن) لەدایکبووی ساڵی 1999 کەوا ئۆتۆمبێلی لە جۆری جی کڵاسی پێبووە و تەقەی لە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی کردووە کەوا سێ هاووڵاتی تێدابووە. لە ئەنجامدا شوفێری تەکسییەکە بەناوی (عەبدوڵڵا کوردۆ خدر) بە سەختی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کرا و دواتر گیانی لەدەستدا.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو رووداوە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی کێشەی شکانەوەی ئۆتۆمبێل بووە و دوای رووداوەکەش هێزەکانی ئاسایشی هەولێر بەزووترین کات بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.