وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتی ساڵانەی مافەکانی مرۆڤی بڵاوکردەوە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتی ساڵانەی مافەکانی مرۆڤی بڵاوکردووەتە و لە بەشێکی ئەو راپۆرتەشدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ رزگارکردنی رفێندراوە ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، باسی پێشێلکارییەکانی گرووپە عێراقییەکان دەکات دژ بە کورد و پێکهاتەکان لە شنگال و دەشتی نەینەوا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە کۆی شەش هەزار و 417 کچ و ژنی رفێندراوی ئێزدی لەلایەن داعشەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 717 کەسی رزگارکردوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتی ساڵانەی مافەکانی مرۆڤی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ساڵی 2014 رێکخرای تیرۆریستی داعش شەش هەزار و 417 ئێزدی رفاند. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2022 توانیویەتی دوو هەزار و 717 کەسیان رزگارکراوە و لەو ژمارەیەش هەزار و 223 ئافرەتن و هەزار و 444 پیاون.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە پێشێلکاری و رێگرییەکانی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی کردووە و دەڵێت، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی رێگرن لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو کۆمەڵگانەی پێویستیانە بەتایبەتی لە شنگال و دەشتی نەینەوا.

جیا لەوەش گرووپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران لە دەشتی نەینەوا، بە نایاسایی و بەزۆر کورد و تورکمان و کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە دەستگیر دەکەن.