نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت

لە یادی 20 ساڵەی روخانی رژێمی بەعس لە عێراق

K24 – هەولێر

نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 20مین ساڵیادی داگیرکردنی عێراقدا باسی لەوە کرد، "ئەو کارەی ئەمەریکا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە و عێراقی خستووەتە ناو پشێویەکی گەورەوە".

ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ناونیشانی "20مین ساڵیادی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکا"وە لە شاری نیویۆرک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و باسی لەوەکرد: "20 ساڵ بەر لە ئێستا ئەمەریکا بە پاساوی "لەناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژەوە" عێراقی داگیر کرد و ئەم کارەش پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییەکان و مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو".

نێبێنزیا، ئاماژەی بەوەشدا دوای تێپەڕێنی 20 ساڵ تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە بێتەوە سەرخۆی و رایگەیاند: "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وڵاتێکیان داگیر کرد کە هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوور بوو، وەک دواتریش ئاشکرابوو هیچ مەترسییەکیشی لەسەریان نەبوو".