سەرۆککۆماری عێراق لە نیویۆرک بەشداری لە لوتکەی جیهانی ئاو دەکات

K24 - هەولێر

بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانی ئاو، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەرەو نیویۆرک بەرێککەوت.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانی پرسی ئاو، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەرەو شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بەڕێککەوت.

بڕیارە سەرۆککۆماری عێراق ماوەی دوو رۆژ لە نیویۆرک بمێنێتەوە و لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانی ئاودا، چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤی جیهانی بکەوێت.

شاندێکی شارەزایان و بەپرسانی بواری ژینگەی عێراقی هاوشانی سەرۆککۆماری عێراق بەشداری لوتکەی نیویۆرک بۆ پرسی ئاو دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە عێراق لەمساڵدا رووبەڕووی کورتهێانی گەورەی ئاو بووەتەوە، بەپێی لێدوانی پێشووی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، یەدەگی ئاوی عێراقی لە 60 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 7.5 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە.