سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: بە توندترین شێوە تاوانەکەی جندرێس سەرکۆنە دەکەین 

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەابرەی هێرشەکەی شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بۆسەر چەند هاووڵاتییەکی کورد کە ئاهەنگی نەورۆزیان دەگێڕا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە ، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران".

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.

هەر لەو پەیامەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە ، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. 

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان