تورکیا.. 66 کۆچبەری "نایاسایی" رزگارکران و 154 کۆچبەری دیکە دەستگیرکران

K24 - هەولێر:

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای ئیزمیر رۆژئاوای وڵاتەکە 66 کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد و 154ی دیکەیان دەستگیرکرد، هاوکات دوو کەسیان بەتۆمەتی بارزگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکرد.

لەو راگەیەندراوەی لە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، هێزەکانیان 66 کۆچبەریان لەسەر بەلەمی چوپ لە کەناراوەکانی هەردوو ناوچەی دیکیلی و چەشمە رزگاکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە، ئەو کۆچبەرانە لەلایەن ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنانەوە بە زۆر رەوانەی ئاوە هەرێمییەکانی تورکیا کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانیان 111 کۆچبەر و دوو کەسیان بەتۆمەتی بردنی بەلەمێکی چارۆکەدار دەستگیرکردووە کە لە کەناراوکانی ناوچەی چەشمەوە روو لە ئیتاڵیا بووە.

هاوکات ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا راشیگەیاند، هێزەکانیان 43 کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ناوچەی دیکیلی دەستگیرکردووە کە لەسەر بەلەمێکی چووپ بوونە.

دوای رێککارەکان، کۆچبەرە نایاساییەکان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ لە پارێزگای ئیزمیر کراون.