ئەمەریکا بنکەیەکی هەمیشەیی سەربازی لە پۆڵەندا کردەوە

K24 - هەولێر:

حکومەتی پۆڵەندا رایگەیاند، ئەمریکا بنکەیەکی هەمیشەیی سەربازیی لە شاری بوزنان رۆژئاوای وڵاتەکەی دەکاتەوە.

بەپێی ئاژانسی ئەسوشێتد پرێس، هەریەک لە ماریۆس پلاشچاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا  و بەرپرسانی ئەممریکی ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی بنکە سەربازییەکە بوون.

ماریۆس پلاشچاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمەکی کردنەوەی بنکە سەربازییەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی: "ستایشی بوونی بەردەوامی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەمان دەکەین".

ماریۆس پلاشچاک جەختی لە پێویستی یەکهەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوایی کردەوە.

وەزیری بەرگریی پۆڵەندا روونی کردەوە، هەماهەنگیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا نموونەییە و ئامانجی دەستەبەرکردنی هاریکاریی هاوبەشە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵاتدا.

لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا لە پۆڵەندا، واشنتۆن زیاتر لە 10 هەزار سەربازیی وڵاتەکەی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە.

هێزەکانی ئەمەریکا لە پۆڵەندا سەرپەرشتی ئەو پشتیوانە سەربازییانە دەکات کە وڵاتانی بیانی پێشکەش بە ئۆکراینای دەکەن.

جێی ئاماژەیە، ئەمەریکا پێنج بنکەی سەربازیی لە ئەڵمانیا، یەک بنکەی سەربازیی لە بەلجیکا و بنکەیەکی دیکەی سەربازیی لە ئیتاڵیا هەیە.