ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی پاکستان گیانیان لەدەستدا گەیشتە نۆ کەس

K24 - هەولێر:

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ ئێوارە بە گوڕی 6.8 پلە، لە ناوچەی هیندیکوش لە ئەفغانستان روویدا گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ نۆ کەس و زیاتر لە 160 کەسیش برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی جیۆ نیوز، لە ویلایەتی خەیبەر پاهتونهوا-ی نزیک سنووری ئەفغانستان، بە توندی هەست بە هێزی بوومەلەرزەکە کراوە.

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە سەرانسەری خەیبەر پاهتونهوا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نۆ کەس کە دوو منداڵ و دوو ژن لەنێویاندان و زیاتر لە 160 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تا ئێستا 19 خانوو بەشێکیان رووخاون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە چەقی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی 6.8  پلە روویداوە قەزای جورمی ویلایەتی باداهشانۆ باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووە.

بوومەلەرزەکە لە زۆرێک لە شارەکانی پاکستان بەتایبەتی ئیسلام ئابادی پایتەخت و لاهور و راڤالبەندی و کویتا و پیشاوە هەستیپێکرا.

لەلایەکی دیکەوە، شەرافەت زامان ئامارهیل، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی تاڵیبان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، باسی لەوە کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سێ کەس لە ویلایەتەکانی تاهار و لاگمان لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە.