باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکرێت

ئاڵای ئەمەریکا و ئیسرائیل
ئاڵای ئەمەریکا و ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی ئیسرائیل یاسای سەرلەنوێ کردنەوەی چوار یەکەی جوولەکەنشینی لە کەناراوی رۆژئاوای وڵاتەکە پەسەند کرد کە لە ساڵی 2005دا چۆڵکرابوون، ئەمریکا باڵیۆزی ئیسرائیلی لە واشنتۆن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد.

بەپێی هەواڵێکی The Times of Israel، ڤیدانت پاتیل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ویندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوە، نیگەرانیی لەبارەی پەسەندکردنی نوێی یاساکە لە پەرلەمانی ئیسرائیل گەیاندووە بە مایک هێرزۆگ، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە واشنتۆن.

شێرمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، دوای پەسەندکردنی ئەو یاسایە باڵیۆز هێرزۆگ بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و پێیڕاگەیەندراوە کە پێویستە پێش جەژنی پەسح، جەژنی ئیستەر و جەژنی رەمەزان لایەنەکان خۆیان بەدووربگرن لە هەر کردە و ئاڵۆزییەک کە بارگرژیی زیاد دەکات.

پاتیل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کرد کە بەپێی ئەو بەڵێنەی لە ساڵی 2005دا بە ئەمریکای داوە خۆی بەدوور بگرێت لە رێگەدان بە گەڕانەوەی جوولەکەنشینەکان.

پاتیل باسی لەوە کرد کە لێدوانەکانی بیزالیل سمۆرتیج، وەزیری دارایی ئیسرائیل، کە گەلی فەڵەستین بە نەبوو هەژمار دەکات و نەخشەیەکی ئیسرائیلی بەکارهێناوە کە ئوردنیش لەخۆدەگرێت ''شەڕانگێزی و مایەی نیگەرانیی و مەترسیی''ە.

هەروەها پاتیل باسی لەوە کرد کە گەلی فەڵەستین مێژوو و کلتوورێکی دەوڵەمەندی هەیە و، ئەمریکا گرنگیی دەدات بە فەڵەستینییەکان و هاوبەشەکانی.

لە گوتارێکیدا کە لە ڕێوڕەسمی یادی سەرۆک پێشووی پارتی لیکۆد، جاك كوبفر لە میانی سەردانەکەی 19ی ئاداری بۆ پاریس پێشکەشی کرد، سمۆرتیج، وەزیری دەرایی ئیسرائیل کە کەسێکی ڕاستڕەوی توندئاژۆیە، رایگەیاند: ''گەلێک نییە بەناوی فەڵەستینەوە و پێویستە کۆشکی سپی ئەوە ببیستێت''.