ماڵی هێمن موکریانی دەکرێتە مۆزەخانە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ماڵی ھێمن موكریانی، شاعیر و كەسایەتیی دیاری رۆژھەڵاتی كوردستان لە مەھاباد كراوەتە مۆزەخانە، ئەو ماڵە كە پشتاوپشت ھی خێزانی ھێمن موكریانی بووە، لەسەر داوای خێزانەكەی نۆژەن كراوەتەوەو ئێستا لەژێر ناوی (سەرای ھێمن موكریانی) كراوەتە مۆزەخانە و كەلوپەلی شەخسی و دەستنووسە كۆنەكانی نووسەر، ئەدیب و ھونەرمەندانی شاری مەھابادی لێ ھەڵگیراون.

سەڵاح پایانیانی، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ھێمن موكریانی بە کوردستان24ی گوت: "بەرهەم و دەستنووسی ئەو کەسایەتیانە لە مۆخانەکەدا هەڵدەگیرێت کە بە جۆرێک ناسنامەی فەرهەنگی شاری مەهابادن".

لە سەرای ھێمن موكریانیدا سەدان كتێب و دەستنووسی نووسەر، شاعیران و ھونەرمەندانی شاری مەھاباد ھەڵگیراون، ھەندێكیان تەنیا یەك نوسخەیان ھەیە و ئەویش لەوێ دانراوەو بەھایەكی زۆری مەعنەوی ھەیە. خێزانی ئەو كەسایەتیانەش یارمەتییەكی باشی مۆزەخانەكە دەكەن و دەستنووس و كەلوپەلی شەخسی ئەو كەسایەتیانە رادەستی سەرای ھێمن موكریانی دەكەن بۆ ئەوەی ھەم بپارێزرێن و ھەمیش نمایش بكرێن.

لە مۆزەخانەی ھێمن موكریانیدا كەلوپەلی شەخسی و دەستنووسە كۆنەكانی ھێمن موكریانی، ھەژار موكریانی، ئەحمەدی قازی، محەممەدی قازی و محەممەدی ماملێ ھەڵگیراون، بۆ ئەوەی سەردانیكەران بێن لەگەڵ دیوە كەمتر دیتراوەكانی ئەو كەسایەتیانە ئاشنا بن.