ئیسرائیل: هێرش دهكهینه سهر ئێران ئهگهر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد بکات
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل، ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپای ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر تاران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% تێپەڕێنێت، رەنگە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجامبدات.
بەگوێرەی هەواڵی "ئەکسیۆس"، ئهو بهرپرسه ئاماژهی بهوهكرد، ئیسرائیل نایەوێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگاته 90%، چونکە رهنگه ئێران دەستی بە پیتاندن و کۆکردنەوەی یۆرانیۆم كردبێت كه نزیك بێت له بەرهەمهێنانی چهكی ئەتۆمی.
ئەو بەرپرسە بڵاویکردەوە، "ئێرانییەکان بە تەواوی لە هەڵوێستی ئێمە تێگەیشتوون و دەزانن هێڵی سووری ئێمە چییە".
لەلایەکی دیکە ئاژانسی بلومبێرگ-ی ئەمهریکی لە زاری دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی باڵاوە رایگەیاندبوو، "ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆی دەرکەوتووە، هەفتەی رابردوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتاندووە بۆ 84% كه تەنها لە سەدا شهشی کەمترە لەوەی پێویستیهتی بۆ چەکی ئەتۆمی.
لای خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، کە ئاگاداری راپۆرتە میدیاییەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندایە.