سووریا ئاگربەست درێژدەكاتەوە

لە ماوەی ساڵێكدا چەندین جار ئاگربەست راگەیاندراوە، بەڵام بۆردومانكردنی ناوچەكانی ژێردەستەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و شەڕ بەردەوامە

K24 - ھەولێر

رژێمی سووریا درێژكردنەوەی ئاگربەستی بۆ ماوەی 72 كاتژمێری دیکە راگەیاند.

سوپای ئەسەد لە راگەیەنراوێکدا، درێژکردنەوەی ئاگربەستی بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە راگەیاند و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش، هێرشییان کردە سەر هێزەکانی ئەسەد لە ناوچەی مێژوویی ناوەڕاستی حەلەب، لە وەڵامی دەست بەسەرداگرتنی رێگای کاستیلۆ، کە ئۆپۆزسیۆن لێیەوە کۆمەک و هاوکارییەکانییان پێدەگات.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكەی سوپای سووریا ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە کاری پێدەکرێت.

لەماوەی ئەمساڵدا چەندین جار ئاگربەست لەسووریادا لەلایەن سوپای ئەسەد و ئەمریكا و رووسیا راگەیەنراوە، بەڵام سەرجەمییان بەهۆی پێشێلكردنیانەوە لەلایەن حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنەوە بێ ئەنجام بوون.