دوو پۆلیس لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا

وێنەی ئۆتۆمبێل و ئەو دوو پۆلیسەی گیانیان لەدەستداوە
وێنەی ئۆتۆمبێل و ئەو دوو پۆلیسەی گیانیان لەدەستداوە

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، پۆلیسێکی دیکەش برینداربووە.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ی ئاداری 2023)، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "دڵگرانین بەکۆچی دوایی هەردوو کارمەندمان (دانا خالید رەحیم - بەختیار عەلی عەبدوڵا) و برینداربونی کارمەندێکی ترمان بەناوی ( وەلید محەمەد) لەبەشی پۆلیسی ماوەت - بنکەی پۆلیسی گاپیڵۆن، کەلەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەرکەکانیان تەوشی ڕووداوی هاتوچۆبوون".

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا گوویەتی "بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە بەڕێزەکانیان دەکەین ، داواکارین لەخودای مەزن کۆچکردوان بەبەهەشتی بەرین شاد بکات ‌و دواناخۆشی بنەماڵە بەڕێزەکانیان بێت و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین".

گیانلەدەستدانی ئەو دوو پۆلیسە لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان بووە لەسەر رێگەی (کوێرەکان- ھۆمەرخان) لە ناوچەی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی.