کیسەڵێک بە سێ ساڵ و نیو 20 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە

K24 - ئەنقەرە:
کیسەڵێک بەناوی تووبا، ماوەی سێ ساڵ و نیوە 20 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە و هەشت ملیۆن کەسیش تەماشای ئەو نەخشەیەیان کردووە کە تووبا پێیدا گوزەری کردووە.
تووبا، ئەو کیسەڵە دەریایەی کە لە شاری مۆغلا بە برینداری دۆزرایەوە و دوای چارەسەرکردن بە ئامێری شوێن پێهەڵگرتن رەوانەی دەریا کرایەوە، لە ماوەی 42 مانگدا 20 هەزار کیلۆمەتری بڕیووە.
هەروەها هەشت ملیۆن کەس سەیری ئەو نەخشەیەیان کردووە کە 'تووبا' تێدا گوزەری کردوە .
لە سەنتەری توێژینەوە و رزگارکردنی کیسەڵە دەریاییەکان(DEKAMER) لە کەناری ئیزتوزو لە قەزای ئۆرتاکا، لێکۆڵینەوە لەسەر کیسەڵە دەریاییەکان ئەنجام دەدرێت.
ئەو کیسەڵانەی لە ناوچەکەدا بە برینداری دەدۆزرێتەوە، لە سەنتەرەکە چارەسەریان بۆ دەکرێت و ئازاد دەکرێنەوە بۆ ناو دەریا.
ئەم کیسەڵە دەریاییە لە ساڵی 2019 بە برینداری دۆزرایەوە و لەلایەن ئەندامانی سەنتەرەکەوە ناوی تووبای لێنراوە.
توبا مێیە و جۆری 'تادپۆل' کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵدا مەزەندە دەکرێت، لە 28ی ئابی 2019 لە کەناری ئیزتوزوەوە ئازادکراوە بۆ ناو دەریا و ئامێرێکی بەدواداچوونی دەستکردی پێوە بەستراوەتەوە.

لەو ماوەیەی کە تێپەڕیوە، تووبا 20 هەزار کیلۆمەتری بڕی و گەیشتە دەریای ئایۆنی. ئەو نەخشەیەی کە ڕێگای 'توبا' نیشان دەدات، هەشت ملیۆن کەس سەیریان کردووە.