له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی پوتنه‌وه‌ رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا

K24 - هەولێر:

رووسیا ھەر ھەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن بەمانای جەنگ دەزانێت.

دێمێتری مێدڤێدێف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا، ھۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، دەستگیركردنی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، لە ژێر رۆشنایی ئەو فەرمانەی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی كە هەفتەی رابردوو دەرچوو، بەمانای راگەیاندنی جەنگ دێت.

مێدڤێدێف، راشیگه‌یاند، بۆ نموونە سەرۆکی وڵاتێک کە هێزێكی ئەتۆمییە، دەچێتە ئەڵمانیا، لەوێ دەستگیر دەکرێت، ئایا چی روودەدات؟ بێگۆمان راگەیاندنی جەنگە لەدژی رووسیا.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کیانێکی یاسایی بێ بەهایە و تاكو ئێستا هیچ كارێكی گرنگی ئەنجام نەداوە و چەندین وڵاتێكیش لەوانەش رووسیا و چین و ئەمه‌ریكا دان بەو دادگایەدا نانێن.

رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە "داگیرکراوەکانی" ئۆکرانیاوە بۆ رووسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەرکرد.

دادگاکە دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا.