سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کوردستان24: ئەمساڵ گۆڕانکاری لە یاساکانی کۆچبەران لە ئەوروپادا دەکەین

K24 - برۆکسل:

لە میانه‌ی کۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی، رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، لەسەر دۆسییه‌ی کۆچبەران له‌ وه‌ڵامی کوردستان24 دا رایگه‌یاند، وەک چۆن بە یەکگرتووی لەجەنگی ئۆکرانیا و کۆرۆنا شەڕمان کرد، بەهەمان شێوەش ئەمساڵ دۆسییه‌ی کۆچبەران چارەسەر دەکەین.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو بەشێک لەیاساکانی تایبەت بەکۆچبەران لە دانیشتنی گشتی پەرلەمانی ئەوروپادا دەخرێتە دەنگدان.

هەروەها هیواشی خواست، ئەمساڵ پێش هاتنی ساڵی 2024 و هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا، هەموو یاساکانی تایبەت بەکۆچبەران دەنگی لەسەر بدرێت.

رۆبێرتا مێتسۆلا راشیگەیاند، دۆسییه‌ی کۆچبەران دۆسییه‌یه‌كی قورسە و ماوەی چەندین ساڵە چارەسەر نەکراوە. ئێمە دەمانەوێت چارەسەری بکەین.

کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لەمیانی کۆبوونەوەی لووتکەی 27 سەرکردەی ئەوروپا لەبرۆکسل بەرێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیدا بڕیارە گفتوگۆ لەسەر مەلەفی ئۆکرانیاو قەیرانی ووزە و کۆچبەران تاوتوێ بکرێت و بڕیاری کۆتای لەسەر مەلەفەکان بدەن.