لە هێرشێکی درۆنی لە سووریا بەڵێندەرێکی ئەمهریکی کوژرا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون

K24 - هەولێر:
لە هێرشێکی درۆنی لە سووریا بەڵێندەرێکی ئەمهریکی کوژرا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا رایگەیاند، دوێنێ شهو ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە ئێران لە سووریا ئەنجامداوە، ئەوەش وەک تۆڵە سەندنەوە بەرامبەر هێرشێکی درۆنی خوێناویی کە ئەمهریکا گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمهریکی گیانی لەدەستداوە، یەکێکی دیکەش برینداربووە، هاوکات لە هێرشەکە پێنج سەربازی ئەمهریکا برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییهكانی پێنتاگۆن، هێرشە درۆنییەکەی گرووپەکانی سەر بە ئێران کاتژمێر 1:38 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی ئەوروپا، لە دژی بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە.
هەواڵگری ئەمهریکا دەڵێت، پێدەچێت درۆنەکە دروستکراوی ئێران بێت.
هاوکات لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمهریکاش رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان گرووپەکانی سەر بە ئێرانییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.
ئۆستن راشیگەیاند "هێرشەکانیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوو دژی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممە و زنجیرەیەک هێرشی دیکە کە لە ماوەی رابردوو کراونەتە هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا لەلایەن هێزەکانی نزیک لە ئێران.