محەممەد خورشید: سیاسەتێکی ناڕەوای تەعریبکردن لە کەرکووک پەیڕەودەکرێت

K24 – هەولێر:

جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک بۆ یەکەمین جار بەیەکەوە دژی تەعریبکردنی شارەکەیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەرپرسێکی باڵای پارتیش رایگەیاند، تەنیا تەماشاکەر نابن لە دۆخی کەرکووک و کاری جددی دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە، ئەویش تەنیا بە لادانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەبێت.

محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان لەمیانی بەشداریکردن لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 لەگەڵ کۆڤان عزەت، رایگەیاند سیاسەتێکی ناڕەوای تەعریبکردن لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، تورکمانەکانی کەرکووکیش هەستیان بە مەترسی تەعریب کردووە بۆیە ئەمڕۆ هاوشانی جووتیارانی کورد بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ کرد بۆ ئیدانەکردنی ئەو سیاسەتی تەعریبکردنەی لە شارەکە پەیڕەو دەکرێت.

محەممەد خورشید، ئاماژەی بەوەشکرد، گوندی تۆپزاوەی کەرکووک، بووتە هێمای ئەنفالی شارەکە و چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی لێیە و پێشتریش دانیشتووانەکەی دووچاری رووخان و راگواستن بوونەتەوە تا دوای 2003 ئاوەدانکراوەتەوە، بەڵام لە دەرئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە رووبەڕووی تەعریب کردن بووەتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی پارتی لە شارەکە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی دژی کورد پەیڕەودەکرێت، محەممەد خورشید ئاماژەی بەوەکرد، لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ ئەندامانی پارتی بەشدارییان کردووە و نوێنەرانی پارتیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی بەردەوام لەسەر هێلن بۆ گەیاندنی دەنگی جووتیارانی کورد و رێگریکردن لە تەعریبکردنی شارەکە، زیاتر گوتی، ئەوان دەستەوەستان ناوەستن و لە دۆخی کەرکووک تەنیا تەمەشاکار نابن و کاری جددی دەکەن لەرێگەی نوێنەرەکانیانەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو شارەو رایگەیاند، ئەو بەرگرییەی تائێستا لە کەرکووک کراوە، لەرێگەی ئەندامانی پارتی بووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد خورشید جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، هۆکاری بەردەوامی ئەو سیاسەتەی لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت بۆ ئەو ئیدارە شۆڤینییە سەپێندراوەی لە شارەکە دەسەڵاتی لەدەستە لەدوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، هۆکاری سەرەکییە و پێویستە لە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

هەروەها محەممەد خورشید راشیگەیاند، لە 6ـی شوباتی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە و راگرتنی سیاسەتی تەعریبکردنی ئەو ناوچانە، هەروەک لە خاڵی 13ـی کارنامەی پەسەندکراوی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقیدا هاتووە.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان باسی لەوەشکرد، مانەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک لە دەستی سوپا و رادەستنەکردنی بە پۆلیس و دەسەڵاتی مەدەنی، پەیوەندیدارە بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتەی لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت و لە نامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێدراوە و گوتیشیم ئێستا کاری جددی لەسەر ناوەڕۆکی ئەو نامەیە دەکرێت.