گرێبەستێکی 27 ملیار دۆلاری لە عێراق چارەنووسی نادیارە

K24 - بەغدا

بە بڕی 27 ملیار دۆلار کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ کاروباری نەوت، گاز و وزە گرێبەستی لەگەڵ عێراق کردبوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ ئەو گرێبەستە راگیرا، شارەزایەکی سیاسیش هۆکاری راگرتنی گرێبەستەکە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگێڕێتەوە کە پشکیان لە پڕۆژەکە دەوێت.

کۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرجی" فەرەنسی چاوه‌ڕوان بوو ئەو گرێبەستەی لە ساڵی 2021 لەگەڵ حكومه‌تی پێشووی عێراق بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق ئه‌نجامیدا به ‌به‌های زیاتر له‌ 27 ملیار دۆلار جێبەجێ بکرێت کەچی  حکومەتەکەی سوودانی، گرێبەستی کۆمپانیای توتاڵی فەرەنسی بۆ نەوت و وزە راگرتووە.

بە گوتەی شرۆڤەکارێک، حزبەکانی دەسەڵات لە عێراق بودجەی حزبەکانیان بە گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دابین دەکەن،  خودی لایەنەکان لە راگرتنی هەر گرێبەستێک مەرامی سیاسیان هەیە.

د. ئەیسەر حەسون، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حزبی و لە بەرژەوەندی کوتلە سیاسییەکانیان کار دەکەن، بێگومان جیاواز دەبێت، چونکە پێیان وایە بودجەی خۆیان و حزبەکانیان لە رێگەی ئەم کۆمپانیانەوەیە".

لە بەغدا گردبوونەوەیەک دژ بە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و وزە ئەنجامدرا و داوا دەکەن چیتر عێراق پشت بە کۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانی نەبەستێت، چونکە پێیانوایە عێراق بە تەنها خۆی دەتوانێت وزە دابین بکات.

لەوبارەوە حوسێن بارود حەسانی، شارەزا لە گرێبەستی نەوت و وزە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ جێگیرەوی کۆمپانیاکان، دەبێت پشت بە ئابووری وڵات ببەسترێت و رێگە بە عێراق بدرێت بەشدار بێت و وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بکات".

کۆمپانیای توتاڵی فەرەنسی گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی پێشووی عێراق واژۆ کردبوو، کە بەشی یەکەمی رێکەوتنەکە بە چوار پڕۆژە لە بەسرەی باشووری عێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ دەستیپێدەکرد، پێداگریش لەسەر خاوەندارێتی 40%ی پڕۆژەکە ده‌کات، کە لەسەری رێکنەکەوتبوو، به‌ڵام تا ئێستا لە هەڵوێستی حکومەتی نوێی عێراق تێناگەن، مانگی رابردووش هەوڵیانداوه‌ پەیوەندی به‌ حکومەتی عێراقه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام هیچ وەڵامێکی فەرمیان دەستنەکەوتووه‌.

بەرپرسان عێراق لە زۆربەی بۆنەکان داوا لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەکەن، وەبەرهێنان لە عێراق ئەنجام بدەن، کەچی سەرەڕای باری ئەمنی و ئابووری، پشکی حزبی دەسەڵاتداران وایکردووە ئەو کۆمپانیانە کار و پڕۆژەی وەبەرهێنانیان لە عێراق لە ئاستی چاوەڕوانکراوی حکومەت نەبێت.