کورد و تورکمان لە کەرکووک داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس دەکەن

هاووڵاتییەکی کەرکووک: بڕیاری سەردەمی بەعس بەسەر ئێمە جێبەجێ دەکرێت

K24 - هەولێر

بۆ یەكەمجار رۆژی 24ی ئاداری2023 كورد و توركمان پێکەوە، لە دژی تەعریب و داگیركاری خۆپێشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا و داوایانكرد بڕیارەكانی سەردەمی بەعس هەڵبوەشێتەوەو پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی مادەی140ی دەستوور، خۆپێشاندانەكە دوای بڕیارێكی ئیدارەی كەركووك دێت كە بەنیازە لەسەر 30 هەزار دۆنم زەوی كورد و توركمان یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكات.

مام عەباس، جووتیارێکی گوندی تۆبزاوەی سنووری کەرکووکە و ناڕازییە لە بەردەوامی تەعریب لە شارەکەیدا، ئەو پێشتر رەنجی زۆری بۆ خاك و خۆڵی گوندەكەی داوە، ئێستاش ئامادەیە خۆی بە قوربانی بكات، وەکخۆی دەڵێت: "ئەو خاکە جێناهێڵین ئەگەر لەسەریشی بکوژرێین، چونکە ئەوە بڕیاری سەردەمی بەعسە بەسەر ئێمە جێبەجێ دەکرێت".

لە پلانی تەعریبی گوندە دوورە دەستەكانەوە بۆ تەعریبی ناوشار، ئەمە نوێترین سیاسەتی دەسەڵاتی ئێستای كەركووكە و لەو رێگەیەوە دەیەوێت پشتێنەیەكی تەعریب لەسەر زەوی كورد و توركمان بە دەوری كەركووك دروستبكات، بۆیە ئەم پلانە  گەورەی تەعریب، كورد و توركمانی بۆ یەكەمجار پێكەوە كۆكردەوە و خۆپێشاندانیان کرد.

حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی توركمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکە گوتی: "بڕیارەکانی رژێمی لەناوچووی بەعس تائێستا کاریان پێدەکرێت و بەردەوام گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کەرکووک دەکرێت، بە هەمان ئامانج و شێوەی رژێمی پێشوو".

30 هەزار دۆنم زەوی كورد و توركمان هەڕەشەی داگیركردنی لەسەرەو ئیدارەی كەركووك بە نیازە یەكەی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروستبکات.

سامی غەفور، نوێنەری جووتیارانی كورد لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "ئەو شوێنەی کە دەیانەوێت یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بکەن 30 هەزار دۆنم زەوی دەبێت، 30 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەبێ چەند کەس لەسەری بژیت؟ دەبێ ئەنجامەکەی چی بێت؟ کاتێک بڕیارێک دەدرێت بیر لە ئەنجامەکەی ناکرێتەوە".

جووتیارێک بەناوی نەجمەدین مەحموود دەڵێت: "ئەوانەی بەنیازن بیان هێنن بۆ ئەو یەکەی نیشتەجێبوونە هەموویان عەرەبن و لە دیالە و سەڵاحەدینەوە دەهێنرێن، بۆ کورد و تورکمان نییە، ئامانجی ئەوان ئەوەیە کورد و تورکمان لەو شارە نەهێڵن".

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لێژنەی كاروباری باكوور و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان، كە دراونەتە عەرەبە هاوردەكان، لەگەڵ راگرتنی سەرجەم رێوشوێنەكانی وەزارەتی بەرگری عێراق و ئیدارەی كەركووك لە دژی جووتیارانی كورد و توركمان لە گرنگترین داواكارییەكان بوون.