تا ئێستا 317 کەس بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانە رووخاوەکانی تورکیا دەستبەسەرکراون

K24 - هەولێر:

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووخان یان دەستنیشانکردنی گۆڕانکاری نەگونجاو لە پێکهاتەی تەلارسازی ئەو باڵەخانانەی لە بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی مەڕەشی باکووری کوردستان رووخان، 317 کەس دەستبەسەرکراون، کە 108ـیان بەڵێندەر، 173یان بەرپرسی باڵەخانە، 18یان خاوەنی باڵەخانە و 18شیان ئەو کەسانەن کە گۆڕانکارییان لە باڵەخانەکاندا کردووە.

ئاماژە بەوەکراوە، لەو لێکۆڵینەوانەی دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی مەڕەشی باکووری کوردستان، سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتیی کۆماری سەربەخۆدا دەستیپێکردووە سەبارەت بە رووخان یان دەستنیشانکردنی گۆڕانکاری نەگونجاو لە پێکهاتەی تەلارسازی ئەو باڵەخانانەی لە بوومەلەرزەکاندا رووخاون، هەزار و 431 تۆمەتبار دەستنیشانکراون.

لە لێکۆڵینەوەکاندا 317 کەس دەستبەسەرکراون، کە 108ـیان بەڵێندەر، 173ـیان بەرپرسی باڵەخانە، 18یان خاوەنی باڵەخانە و 18شیان ئەو کەسانەن کە گۆڕانکارییان لە باڵەخانەکاندا کردووە.

لەو گومانلێکراوانەی دەستنیشانکراون 509 کەسیان خراونەتە مەرجی ژێر چاودێری دادوەرییەوە و 406 کەسیشیان فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە.

هەروەها لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە چوار تۆمەتبار لە دەرەوەی تورکیان، 65ـیشیان لە ژیاندا نەماون 128 تۆمەتباریش دوای گوتە لێوەرگرتنیان ئازاد کراون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتیی کۆماری لە میانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دزی و تاڵانی لە ناوچە کارەساتبارەکان، 467 تۆمەتباریان دەستنیشان کردووە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی 474 تاوان و لەوانەیش 312 یان دەستبەسەرکراون و 69ـشیان خراونەتە ژێر چاودێری دادوەرییەوە.

هاوکات بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 29 گومانلێکراو دەرچووە، 10 کەسیان لە دوای لێدوان وەرگرتن ئازادکراون و 13ـشیان دەستبەسەرکراون.